Logo

Washan Media

Menu


پێکهاتەکان :


هەواڵەکان


کۆنفیدراسیۆن

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی:لێدان لە دڵی ئابووریی کوردستان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چرای سەوزە بۆ تیرۆر.

ڕاگەیەندراوێک لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی:

لە کاتێکدا دەستە ڕەش و نەگریسەکانی تیرۆر، جارێکی دیکە بە شێوەیەکی ترسنۆکانە پەلاماری کێڵگەی غازی کۆرمۆریان دا، ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین.
ئەم هێرشە تەنها بۆ سەر بۆرییەک یان کێڵگەیەکی وزە نییە، بەڵکو لێدانە لە دڵی ئابووریی کوردستان و بڕینی قووتی خەڵک و تێکدانی ئارامیی ناوچەکەیە، ئەمە هەوڵێکی نەزۆکی دۆڕاوەکانە بۆ ڕاگرتنی کاروانی ئاوەدانیی کوردستان کە بە ئیرادەی پۆڵایینی جەنابی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

ئەم کارە ترسنۆکانەیە لێدانە لە سەقامگیری بازاری وزەی جیهانی و کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر تێکڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت.

لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ سەقامگیری ئابووری جیهان و ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی و گەڵی هەرێمی کوردستان، بە دەنگێکی بەرز و ڕاشکاوانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان ، یەکێتی ئەورووپا ، پەرلەمانی ئەورووپا و هاوپەیمانان دەڵێین : بەیاننامەی نیگەرانی، چیتر برینی کوردستان ساڕێژ ناکات، بێدەنگی و هەڵوێستی کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی ، وەک چرای سەوز وایە بۆ ئەوەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان بەردەوام بن لەسەر تاوانەکانیان، پێویستە جیهان لە تەماشاکەرەوە ببێتە پارێزەری ڕاستەقینە و بە کردار کۆتایی بەم دەستدرێژییانە بهێنێت، ناکرێت هەرێمی کوردستان کە خوێنی بۆ پاراستنی جیهان لە تیرۆر بەخشیوە، ئێستا بە تەنها لەبەردەم ئاگری تیرۆردا بەجێ بهێڵرێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەمڕۆ ڕۆژی تاقیکردنەوەی ویژدانی نیشتمانییە، مووشەکی دوژمن ڕەنگ و بۆچوونی جیاواز ناناسێت، بەڵکو شکۆی هەموو کورد کوردستانییەک دەکاتە ئامانج. داواکارین لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان، ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەم پرسە چارەنووسسازەدا یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن،پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و دەبێت بە یەکڕیزی وەڵامی پیلانگێڕان بدەینەوە.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەڵێن دەدەین لە هەر کوێیەک بین، دەنگی بەرزی مەزڵوومیەت و مافخوازیی گەلەکەمان بین و ڕووی ڕەشی تیرۆریستان بۆ جیهان ئاشکرا بکەین،دڵنیابن، ئەو ئاگرەی دەیانەوێت لە کوردستانی بەر بدەن، تەنها دەموچاوی خۆیان ڕەش دەکات و کوردستان هەر ئاوەدان و سەربەرز دەمێنێتەوە.
سەربەرزی بۆ کوردستان و مەرگ و ڕووڕەشی بۆ تیرۆریستان.

ئیسماعیل کامل
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
٢٧/١١/٢٠٢٥

زیاتر ببینە...

کۆڕمۆر cormar

کۆرمۆر
لە ئێستادا داهاتی لە بەرزبوونەوە دایە، پێموایە هۆکارە بۆ هێرشە درۆنیەکەی شەوی ڕابردوو.

با بۆتان باس بکەم:
١- توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی لە ئێستادا ( 500 ) ملیۆن پێ سێجایە.

-٢ پلان هەیە ساڵی داهاتوو ڕێژەکە بگەیەندرێتە ( 700 ) ملیۆن پێ سێجا.

٣- جیا لە کارەبای هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ( 1700 ) مێگاوات کارەبا بۆ شارەکانی تری عێراق دابین دەکات.

٤- غازی LPG کە غازی ماڵانە لە ( 1100 ) تەنی ڕۆژانە بۆ ( 1500 ) تەنی ڕۆژانە زیادی کردووە.

٥- زیادکردنی ڕێژەی پێدانی کارەبا لە ساڵی داهاتوو بۆ شارەکانی تری عێراق بە بڕی ( 2700 ) مێگاوات کە داهاتەکەی زیاترە لە دوو ملیار دۆلار.

بەدواداچوون و خستنە ڕوو:
ئەژی محسن

زیاتر ببینە...

بایز زراری

بایز زراری: لەم قۆناغەی ئێستا ئەرکی پارتی بۆ ئایندەیەکی گەش و پڕ لە دەستکەوت دەبێت


بایز زراری وەک یەکێک لە بەربژێرە هەرە سەرکەوتووەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتی دا وتی کە لەم قۆناغەی ئێستا ئەرکی پارتیمان بۆ ئایندە هەوڵدانی زیاترە بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان چونکە خەڵک بە دەنگەکانیان ئەوەیان سەلماند تاکە پارتی سیاسییە کە پارێزگاری لە هەرێمی کورستان دەکات وە داکۆکیکاری تەواوی ماف و کێشە کەڵەکەبووەکانی سەرجەم پێکهاتەکانیەتی .

زراری وتیشی کە خەڵکی کوردستان متمانەی تەواویان بە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە و ئەیزانن کە پارتی لە بەرپرسیارێتی ڕاناکات وە لەهەموو قۆناغەکان دا پارێزگاری لە مافەکانیان کردووە .
پارتی کار بۆخۆش گوزەرانی و ئارامی و ئاوەدانی دەکات

زیاتر ببینە...

لیستی مووچە

لیستی مووچەی مانگی 10 ڕەوانەی بەغدا کرا


سەید محەمەد بەرزنجی
لەلایەن تیمێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ١٠ گەیەندرایە وەزارەتی دارایی عێراق.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی بۆ دابینکردنی مووچە لەلایەن بە‌غداوە جێبەجێ دەکات، لەو چوارچێوەیە لیستی مووچەی مانگی 10 ڕەوانە کردووە و کار لەسەر ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی هەمان مانگ دەکات



سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان؛ ڕایگەیاند، "تیمی ڕێکخستنی لیستی مووچە، ئەمڕۆ سێشەممە لیستی مووچەی مانگی 10ـیان بردووەتە بەغدا و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای ڕادەستکردنی تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی نانەوتی مانگی نۆ، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆران نەداوە.

زیاتر ببینە...

نوری مالیکی

مالیکی خۆی گەیاندە هەولێر


سەید محەمەد بەرزنجی

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە



بە پێی وتەی ڕاوێژکارێکی مالیکی ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکانی کۆمار، پەرلەمان و حکومەت دەکرێت

شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند. چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەشی دا. یەکەم بۆ دەستنیشانکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. دووەم بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت



ئەمە لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنەیشدا وەک هێزی یەکەمی کوردستان مایەوە و زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگ و27 کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.

زیاتر ببینە...

هەڵبژاردن

لە دهۆک پێشوازیەکی گەرم هەیە بۆ هەڵبژاردن و ڕیژەیەکی زۆر دەنگدەر کارتەکانیان وەرگرتوەتەوە




سەید محەمەد بەرزنجی

بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، 96٪ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە ئامادەکاری تەواو کراوە و لە 7ی مانگدا ئامێرەکان دەبەنە نێو وێستگە و بنکەکانی دەنگدان



خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند: "سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ بۆ هەڵبژاردن تەواو کردووە، "پێداویستیی لۆجیستی و ئامێرەکانمان بەدەست گەیشتوون و خولی راهێنانمان بۆ سەرجەم کارمەندەکان کردووە کە ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەسە." لە 7ی مانگدا ئامێرەکان دەبەینە نێو وێستگە و بنکەکان، ئامادەکاری باش کراوە و رێژەیەکی باشیش لە کارتی دەنگدان لەلایەن دەنگ دەرانەوە وەرگیراوەتەوە ."





سەبارەت بە دۆخی بانگەشە خالید عەباس ئاماژەی بەوە کرد: "بانگەشە لە کەشێکی دیموکراسی بێ سەرپێچی بەڕێوەدەچێت، ئێمە وەکو کۆمیسیۆن هیچ سەرپێچییەکمان تۆمار نەکردووە، تەنیا 12 بەربژێرمان ئاگادارکردووەتەوە کە پۆستەرەکانیان لە شوێنی هەڵە دانابوو



دەشڵێت، "دوو سکاڵا لەلامان تۆمارکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکەین، هەردووکی لەلایەنی لایەنێکی سیاسییەوە تۆمارکراوە و لەسەر دڕاندنی پۆستەرەکانیان بوو، کە ڤیدیۆ و وێنەیان وەکو بەڵگە ناردووە و ئێمەش سکاڵاکانمان ناردووەتە بەغدا بۆ یەکلایی کردنەوەیان."



لە دهۆک 779 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، "96٪ـی ئەو دەنگدەرانە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، تەنیا نزیکەی 14 هەزار کارت ماون کە وەرنەگیراونەتەوە، رۆژانە پەیوەندییان پێوە دەکرێت و لەلایەن تیمی گەڕۆکەوە کارتەکانیان بۆ دەبرێتەوە."

لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکان ئاماژەی بەوە کرد، گرنگییەکی زۆر بە پرسی ئاوارەکان دەدەن، "26 هەزار ئاوارەمان تۆمارکردووە، زۆربەی ئاوارەکان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، تەنیا نزیکەی 200 کارت ماون وەرنەگیراونەتەوە، دەنگدانی ئەوانیش هاوشێوەی دەنگدانی تایبەت دەبێت لە 9ی مانگ."



رۆژی 9ـی 11ـی 2025 دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت، رۆژی 11ـی 11ـی 2025 دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت.

زیاتر ببینە...